ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی

بەدران ئەحمەد حەبیب
2021/11/21
1164

ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی، ئامادەکردنی ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کوردستان «بەدران ئەحمەد حەبیب»، پێداچوونەوە و پەسەندکردنی: ئەنجوومەنی کۆڕ، هەولێر: بڵاوکراوەی ئاراس، ٢٠٠٤. (PDF)

پێشەکی

ئەنجوومەنی کۆڕی زانیاری کوردستان لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانیدا پڕۆژەیەکی هاتە پێش کە برێتی بوو لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ گیروگرفتەکانی ڕێنووسی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەنجوومەنی کۆڕ، ئەندامی کارا «بەدران ئەحمەد حەبیب»ی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی گیروگرفتە سەرەکی و بەرچاوەکانی ڕێنووسی کوردی و پێشنیازکردنی چارەسەر بۆ ئەو گیروگرفتانە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا تێکڕای ئەندامانی ئەنجوومەن (وەک لێژنەی ڕێنووس) بەشداری لە گفتۆگۆ و پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیەدا بکەن. لە هەردوو کۆبوونەوەی ڕۆژانی هەینی ڕێکەوتی ٤ ئایار ٢٠٠١ و شەممە ١٢ ئایار ٢٠٠١ بۆ ماوەی نێزیکەی ١٤ سەعات گفتۆگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر پڕۆژەکە کرا و، ئەوەی لێرەدا دەخرێتە ڕوو برێتییە لە ڕێنووسی پەسندکراوی کۆڕی زانیاری کوردستان.

هۆی بەپێویست بوونی ڕێنووسی یەکگرتوو

لەو هەموو ئەو ئەلفوبێ جۆراوجۆرانەی لە دنیا بەکاردێن و لە ڕێنووسی هەموو زماناندا، گیروگرفت هەن. هۆی سەرەکی لەم کێشە و گیروگرفتانەدا بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پێ ڕانەگەیشتنی شێوەی پیتەکان بەدەنگەکان و، نالەباریی ڕێنووس بۆ دەربڕین. ئەم کێشەیە لە هەموو ڕێنووس و زماناندا هەیە بەڵام لە هەموویاندا چارەسەر دۆزراوەتەوە (ئەگەر نیوەچڵیش بێ لە هەندێک باردا) و هەموو لا ڕێک کەوتوون کە چۆن بنووسن.

سەرنج دەدرێ لە ڕێنووسی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی (هەروەها بە ئەلفوبێی لاتینیشدا) گیروگرفتەکان بێ چارەسەر ماون. زۆر جار چارەسەری تاکەکەسی لەلایەن زانایان و شارەزایان و، هەندێک جاریش چارەسەری بەکۆمەڵ لەلایەن داوودەزگا پێوەندیدارەکانەوە پێشکێش کراون (کە لێرەدا دەرفەتی ئاماژەپێدانیان نییە) بەڵام یەکگرتنیان لەسەر نەکراوە یان پشتگوێ خراون. ئێمە لە گەڵاڵەکردنی ئەم پڕۆژەیە و، گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی کۆڕدا سوودمان لە هەوڵەکانی پێشوو وەرگرتووە و، ئەوەی دەخرێتە ڕوو هەنگاوێکە لە دوای هەنگاوەکانی ئەوانەوە.

ئەمڕۆ لە کوردستان نووسین بەزمانی کوردی زۆر پەرەی سەندووە. بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، خوێندنی هەموو قۆنەغەکان ( ١٢ ساڵ) بە زمانی کوردییە. نووسینی داوودەزگاکانی حکوومەت بە کوردین. ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و چاپی کتێب زۆر فرەوان بوونە، لە دەرەوەی کوردستانیش زۆر داوودەزگای خوێندن و ڕووناکبیری دامەزراون بەڵام ڕێنووسی یەکگرتوو لە کایەدا نییە. تەنانەت لە سەرنجدانێکی سەرپێیی و بەپەلەش بە بڵاوکراوەکاندا هەست بەم پەشێوی و کەس بە کەس نەبوونە دەکرێت. ئەمە کارێکی نالەباری کردووەتە سەر تەواوی بزووتنەوەی خوێندەواری و ڕووناکبیری، بەتایبەتیش لە قوتابخانەکاندا کە قوتابی هەست بەسەر لێ شێوان دەکات. هەروەها خوێنەری بڵاوکراوەکانیش ئەم جیاوازییەیان بەرچاو دەکەوێ.

ڕێنووسی یەکگرتوو بنچینەی یەکەمی خوێندەوارییە، هەر هیچ نەبێ دەبێ لەمەدا یەکگرتوو بین، مەرجیش نییە چارەسەرەکان بێ گرێ و کەموکورتی بن، گرینگ یەکگرتنە. ئەوەی کۆڕی زانیاری کوردستان لەم بوارەدا پێشکێشی دەکات هەنگاوێکە بەم ڕێگەیەدا و، داوا لە زانایان و پسپۆڕان دەکات بۆ ئەوەی بیر و سەرنجی خۆیانی لە بارەوە دەربڕن. لە ئەنجامدا هەموومان دەگەین بە چارەسەرێکی یەکگرتوو و، ئەم گیروگرفتە سەرەتایییە لە کۆڵ دەکەینەوە کە گیروگرفتی هەرکەسێکە دەست بداتە قەڵەم و بنووسێ.

ئەم پڕۆژەیە

ئەو هەنگاوانەی هەتا ئەمڕۆ بەڕێگەی چارەسەری گیروگرفتەکانی ڕێنووسی کوردیدا هاوێژراون کەموکورتییەکی بەرچاویان ئەوەبووە کە لەسەر بنچینەی یەک دیالەکت (کرمانجی خواروو) و یەک ئەلفوبێ (ئەلفوبێی عەرەبی) داڕێژراون. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆر لە گیروگرفتەکان بەدروستی نەبینرێن و، لەسەر ئەم بنەوێیەش چارەسەرەکانیان دروست نەبێ.

ئێمە لە گەڵاڵەکردنی ئەم پڕۆژەیەدا هەوڵمان داوە (وەک هەنگاوی یەکەم) هەردوو زاراوی سەروو و خوارووی کرمانجی لەبەر یەک بگرین لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکاندا و، هەردوو ئەلفوبێی کوردی (بەعەرەبی و لاتینی) ڕەچاو بکەین. ئەمەش یارمەتیی داوین بۆ یەکلاکردنەوەی هەندێک کێشە. بۆ نموونە:

یەکەم: هەندێک لە نووسەران پێیان وابووە کە وشەی «شوان»، «لوا» و... دەبێ بە «و»ی درێژ (وو/û) بنووسرێن واتە «شووان/şûwan» و «لووا/lûwa». بە هەمان شێوەش لە برێتی «توانا»، «ڕوا»، «کوا» و... دەنووسن «تووانا»، «ڕووا»، «کووا» و... . لە ڕاستیدا ئەگەر دوو وشەی یەکەم و دووەم (واتە: شوان و لوا) بە کرمانجیی سەروو و ئەلفوبێی لاتینی بنووسینەوە کە «شڤان و لڤا»ن، دەبینین یەک دەنگی «ڤ» دەچێتە جێگەی «و» و، دەبن بە «şivan»، «liva» ئەمەش بەڵگەیەکی بنەبڕە بۆ ئەوەی تێ بگەین یەک «و»ە و ئەویش «و/w»ی کۆنسۆنانتە. هەمان بنکەشمان لە نووسینی «و»ی سەرەتای وشەدا ڕەچاوکرد، لەبەر ئەوەی وشەکانی: «وشە»، «وڵات»، «وریا»، «ون» بەتەنیا یەک «و» دەست پێ دەکەن و بزوێنی فرەکورتی «i»یان بەدوادا دێت لە ئەلفوبێی لاتینیدا. واتە دەبن بە wişe، wilat، wirya، win.

دووەم: گیروگرفتێکی زلی ڕێنووسی کوردی بەئەلفوبێی عەرەبی ئەوەیە کە بۆ هەردوو پیتی «y» و «î»ی لاتینی تەنیا یەک نیشانەی پیت هەیە کە ئەویش «ی»ە. نەبوونی ئەم جیاوازییە سەری لە نووسەرانیش شێواندووە نەک تەنیا هەر خوێنەران. بۆیە لە کاتی بەدوای یەکتردا هاتنی «y» و «î»دا کە لە ئەلفوبێی عەرەبیدا هەردووکیان هەر «ی»ن، گیروگرفت دروست دەبێ. بۆ نموونە کە دەنووسرێ: «زەوییەکە/zewyîke» زۆر کەس هەر بە «زەویەکە»ی دەنووسن و پێیان وایە کە نووسینی دوو «ی» بەسەریەکەوە کرێت و زیادەیە. لەوەش گەڕێ کە دەنووسرێ «شایییەکە» کە لە «شایی»یەوە هاتووە و نووسینی سێ جار «ی» چەند زیادە و کرێت دێتە بەرچاویان. ئەمە تەنیا لە کاتی نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینیدا دانی پێدا دەنرێ کە دەبینرێ ناچارییە و هەر دەبێ «yîy» بنووسین واتە دەبێ بە «şayîyeke». لەم بارەدا دەبینین هیچ زیادەیی و دزێوییەک نییە بگرە زۆر پێویستە هەرسێ دەنگ «ی» بەدوای یەکتردا بێن.

ئەوە مایەوە بڵێین کەوا ئەو گیروگرفتانەی لەم پڕۆژەیەدا بەرچاو خراون و چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە، هەموو گیروگرفتەکانی ڕێنووسی کوردی نین. وەک لە سەرەتا ئاماژەمان پێ دا ئەمانە گیروگرفتە سەرەکی و بەرچاوەکانن. ئەوانیتر دەمێنن بۆ پڕۆژەیەکی داهاتوو.

داوا لە داوودەزگا ڕۆشنبیرییەکان و وەزارەتی پەروەردە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە ئەم ڕێسا و بنکانەی لێرەدا بەرچاو خراون، بەکاریان بێنن. وەک گوتمان سەرەتای خوێندەواری ڕێنووسی یەکگرتووە . هەموو شتێکیش لە یەکگرتنەوە دەست پێ دەکات.

یەکەم: گیروگرفتی پیتی «و»

نیشانەی «و» لە زمانی کوردیدا بە شێوەی خوارەوە دەنووسرێ:

  1. پیتی «و»ی کۆنسۆنانت (دەنگدار). واتە (و/w). بۆ نموونە: ئاوایی، وەرە، هاوار، ئاو. دەنگی «و» لێرەدا هەندێک جار لە زاراوی کرمانجیی سەروودا دەبێ بە دەنگی «ڤ»: awayî (avahî)، were، hawar، av.
  2. پیتی «و»ی کورت، واتە «و»ی بزوێنی کورت (و/u). بۆ نموونە: کورد/kurd، کورت/kurt، کوشت/kuşt.
  3. پیتی «ۆ»ی کراوە، واتە (ۆ o). بۆ نموونە: دۆڵ/dol، گۆڕ/gor، نۆ/no.
  4. پیتی «وو»ی درێژ، واتە «وو»ی بزوێنی درێژ (وو/û). بۆ نموونە: سوور/sûr، چوو/çû، دوو/dû.

دووەم: گیروگرفتی پیتی «و»ی سەرەتای وشە

هەر وشەیەک بە پیتی «و» دەست پێ بکات بە یەک «و» دەنووسرێت. بۆ نموونە: وریا/wirya، وڵات/wilat، وشە/wişe، ورد/wird.

سێیەم: گیروگرفتی پیتی «ی»

نیشانەی «ی» لە زمانی کوردیدا بە شێوەی خوارەوەیە:

  1. پیتی «ی»ی بزوێن (واتە î). بۆ نموونە: زەوی/zewî
  2. پیتی «ی»ی کۆنسۆنانت (واتە y). بۆ نموونە: یار/yar

چوارەم: گیروگرفتی پیتی «ڕ»ی گران، واتە «ڕ»ی نیشانەدار

ئەم پیتە لە هەر کوێیەکی وشەدا هات دەبێ بە نیشانەکەیەوە بنووسرێت. واتە لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی وشەدا هەر (ڕ)ی گرانی نیشانەدارە. وەک: ڕۆژ. بڕیار. کەڕ.

پێنجەم: گیروگرفتی پیتی «و»ی بەیەکەوەبەستن (عطف)

پیتی «و»ی بەیەکەوەبەستن، بە شێوەیەکی جیاواز لە وشەی پێش خۆی و پاش خۆیەوە دەنووسرێت و مامەڵەیەکی سەربەخۆی لەگەڵدا دەکرێت. بۆ نموونە: من و تۆ. ئارەزوو و وریا.

شەشەم: وشەی ناسادە

چ ناو بێ یان زاراوە دەبێ بەسەریەکەوە وەکو یەک وشە دەنووسرێن. وەک: ناو: چەمچەماڵ. بێکەس. دڵشاد. زوورگەزراو. بێخاڵ. ناڵپارێز. میاندواو. کانیکەوە. سپیگرە. زاراوە: رێنووس. رێپێوان. دەسبەجێ. جێبەجێ. نیشتمانپەروەر. دەستنووس. دەسبازی. وڵاتپارێز. ئازادیخواز. دووشەممە. سێشەممە. پێنجشەممە. یەکسەر. راستەوخۆ. یەکشەوە (مانگی یەکشەوە).

حەوتەم: پیتی «ت»

پیتی «ت» لە کۆتای کار (فرمان)دا دەشێ بنووسرێت و دەشێ نەشنووسرێت. وەک: دێت و دەڕوات (یان) دێ و دەڕوا.

هەشتەم: نیسبەت

نیسبەت لە زمانی کوردیدا زۆربەی جار بەهۆی پیتی «ی» لە کۆتای ناودا دەکرێت. وەک: پێنجوینی. هەولێری.دهۆکی. شێخانی. هەروەها ئەم نموونانەی خوارەوە: ئەحمەدئاوا: ئەحمەد ئاوایی یارمجە: یارمجەیی. تووزخورماتوو: تووزخورماتوویی. شنۆ: شنۆیی. ئاکرێ: ئاکرێیی (یان) ئاکرەیی. لادێ: لادێیی.

نۆیەم: وشەی بیانی

هەر وشەیەکی بیانی چ هاتبێتە ناو زمانی کوردییەوە، یان هەر ناو و وشەیەکی تر کە لە نووسینی کوردیدا دێتە پێشەوە، دەبێ بەڕێنووسی کوردی بنووسرێت. وەک: ئەڵڵا. قەڵەم. ئەکبەر. قاهیرە. ئۆتۆمۆبیل. دۆستوێفسکی.

دەیەم: ئامرازی «تر، ترین»

ئامرازی «تر، ترین» کە بۆ بەراورد بەکاردێن دەبێ بە وشەکانی پێش خۆیانەوە بلکێنرێن. وەک: جوان: جوانتر، جوانترین. خاو: خاوتر، خاوترین.

یازدەیەم: جێناوی نیشانەی وەک: ئەم. ئەو. ئەڤ.

ئەم جێناوانە ئەگەر ئاوەڵکاری «کات» یان «شوێن»یان بەدوادا هات پێیانەوە دەلکێن و دەبن بە یەک وشەی سەربەخۆ. وەک: ئەمشەو. ئەمڕۆ. ئەڤسال. ئەمجارە. ئەمبەر و ئەوبەر. ئەڤرۆ.

دوازدەیەم: نیشانەکانی نەناسراوی وەک «...یەک، ...ێک، ...ەک»

بە شێوەی خوارەوە دەچنە سەر وشەکانی پێش خۆیان:
  1. ئەگەر وشەکان بە پیتە بزوێنەکانی «ا، ی، ە، ێ» تەواو بووبن ئەوا نیشانەی «...یەک»یان دەخرێتە پاڵ. وەک: چیا: چیایەک، زەوی: زەوییەک، وێنە: وێنەیەک، دێ: دێیەک.
  2. ئەگەر وشەکان بە پیتە بزوێنی «وو» یان هەر پیتێکی دەنگدار (نەبزوێن/کۆنسۆنانت) تەواو بووبن ئەوا نیشانەی «ێک» لە کرمانجیی خواروو و نیشانەی «ەک»یان لە کرمانجیی سەروودا دەچێتە سەر. خانوو: خانووێک، خانووەک، گوند: گوندێک (کرمانجیی خواروو)، گوندەک (کرمانجیی سەروو)، ژن: ژنێک (کرمانجیی خواروو)، ژنەک (کرمانجیی سەروو).

سێزدەیەم: گیروگرفتی پاشگرەکانی «دا، ڕا، وە، ەوە»

ئەم پاشگرانە بە وشەکانی پێش خۆیانەوە دەلکێنرێن. وەک: دا: هەر برینێ کە لە دڵدا هەیە ساڕێژی کەن، خەمێکم لە دڵدایە. ڕا: لە ئامێدیڕا، لەوێڕا بە پێ هاتووین، لەخۆڕا دڵی گۆڕاوە. وە: لە چوارچراوە، لەوێوە هاتووین. ەوە: بە ماڵەوە رۆیشتین، جارێکی تر نووسیمەوە، خانووەکەم کڕییەوە.

چواردەیەم: گیروگرفتی پێشگرەکانی «هەڵ. دا. ڕا. وەر. دەر»

  1. ئەم پێشگرانە کاتێ دەچنە سەر چاوگ یان فرمان یان هەر حاڵەتێکی تر، پێیانەوە دەلکێن بە مەرجێ جێناوی لکاو نەکەوتبێتە نێوان پێشگر و وشەکەی دوای خۆی. وەک:
    • چاوگ: هەڵ: هەڵکردن. هەڵگرتن. هەڵکورمان. هەڵکێشان. دا: دابڕان. داخستن. داڕمان. داکردن. ڕا: ڕاگرتن. ڕاکێشان. ڕاپەرین. وەر: وەرگرتن. وەرسووڕان. دەر: دەرکردن. دەرهێنان.
    • فرمان: هەڵ: هەڵگرە. هەڵمەخە. هەڵکشێ. دا: دانێ. دامەبڕە. ڕا: ڕاکێشە. ڕامەپەڕێنە. وەر: وەرگرە. وەرسووڕێنە. دەر: دەربێنە. دەرخە.
    • حاڵەتی تر وەک: هەڵکشاو. هەڵنەکشا. دانراو. ڕاپەڕیو. ڕانەپەڕیو. وەرگرتوو. وەرگرتە. دەرخراو. دەرکراو.
  2. ئەگەر جێناوی لکاو کەوتە نێوان پێشگر و فرمانەکەی دوای خۆی ئەوا بەجیا دەنووسرێن و جێناوەکە بە پێشگرەوە دەلکێنرێ. هەڵ: هەڵم گرن. هەڵیان کەن. هەڵمان کێشن. هەڵمان مەواسن. دا: دامان نەنایە. دایان خەن. دای بڕە. ڕا: ڕایان دەگرین. ڕام کێشە. ڕام پەڕێنە. ڕاشیان پەڕێنن. وەر: وەرمان گرتایە. وەری نەگری. وەریان سووڕێنەوە. دەر: دەریان پەڕاندین. دەری خە.

پازدەیەم: گیروگرفتی وشەی لێکدراو

ئەگەر وشەی دووەم لە دۆخی فرماندا بوو، بە جیا دەنووسرێن: رێک دەکەوین. پێکیان هێناینەوە. پێک نەهاتین. یەکیان نەگرتووە. دەستمان نەکەوت. بەڵام ئەگەر وشەی دووەم لە دۆخی چاوگ یان حاڵەتی تردا بوو ئەوا هەردوو وشەکەوە بە یەکەوە دەلکێنرێن. وەک: رێککەوتن. پێکهاتن. یەکگرتن. دەسخستن. یەکگرتوو. دەسکەوتوو. پێکهاتە.

شازدەیەم: ئامرازی «ش»ی تەئکید

ئامرازی «ش»ی تەئکید کەوتە هەر شوێنێکی وشەوە، دەبێ بە بەشێک لە وشەکە و نابێ بە هۆی لەتبوونی وشەکە. وەک: بشتەوێ ناتدەمێ، نەشخۆی، گوتی دێم... نەشهات، نەشمانگرتن، بشمانبەن.